بدر الخرافی: لاوانی عەرەب بەنرخترین دەرامەتى ئێمەن..و چاوەڕێین لە ناوچەکەماندا کاریگەرییەکى ئەرێنیمان بەسەر ژیانى هەزارانیاندا هەبێت
گرووپی زین هاوبەشبوونی ستراتیژیی خۆی راگەیاند لەگەڵ دامەزراوەی مێنتۆری جیهانی- لقی هەرێمیی دامەزراوەی مێنتۆری جیهانی- بەمەش لە تواناسازیی لاوانی عەرەبدا بەشداردەبێت بۆ پاراستنیان لە رەفتاری مەترسیدار، لەرێگەی بەرەوپێشبردنی سیاسەت و گەشەپێدانی توانا و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە کۆمەڵگا و پتەوکردنی هاوبەشێتییەکانەوە.
گرووپی پێشەنگ لە بوارەکانی داهێنانی دیجیتاڵیی لە بازاڕەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا، ئاماژەدەدات بەوەی لەگەڵ ئەم دامەزراوە جیهانییەدا هەوڵدەدات هاریکاریی عەرەبی و نێودەوڵەتیی هاوبەش پتەوبکات و هاوپەێمانێتییەکی بەهێز بونیاد بنێت بۆ پتەوکردنی هەوڵە هاوبەشەکان، لەپێناو سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و رەفتاری دیکەی مەترسیدار لە نێو لاوان لە ناوچەکەدا.
مێنتۆری جیهانی، لە سویسرا تۆمارکراوە و بارەگاکەی لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدە، دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی قازانج نەویستە و لەلایەن شاژن سیلڤا شاژنی سویدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، و لقی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، لاتیڤیا، سوید، ئەڵمانیا، لیتوانیا و دانیمارك هەیە، و لقی هەرێمیی "مێنتۆری عەرەبیی" ساڵی ٢٠٠٦ دامەزراوە و بارەگاکەی لە شاری بەیروتە.
دامەزراوەی مێنتۆری عەرەبیی لەلایەن ئەنجومەنێکی ئەمیندارانەوە بەڕێوەدەبردرێت کە خاونشکۆ تورکی کوڕی تەڵاڵ کوڕی عەبدوڵعەزیز ئال سعود سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ ژمارەیەك لە لاوان و شارەزایان و زانای بوارەکانی پەیوەندارەوە.
بدر الخرافي کە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی و سەرۆکی جێبەجێکاری گرووپی زینە دەڵێت" گرووپی زین خۆشحاڵە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی دامەزراوەی مێنتۆری عەرەبی بکات، هەروەها پشتگیری لە ئامانجەکانی دەکات کە بەتەواوەتی لەگەڵ ئامانجەکانماندا رێکن، لاوانی عەرەبمان بە نرخترین سەرچاوە و دەرامەتی ئێمەن، ئێمەیش پێویستیمان بەوەیە تواناداریان بکەین و ئیلهامیان پێببەخشین تاکو بڕیاری دروست بدەن، ئەمەش بۆ ئەوەیە لە کۆمەڵگاکانیاندا بەشدارییەکی ئەرێنیان هەبێت".
وتیشی "ئێمە لە زین بەهای دێرینمان هەن بۆ پتەوکردنی هاوبەشبوونمان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایانەی کە خزمەتگوزارییەکانمانیان پێشکەش دەکەین، و لە رێگەی پشتگیریکردنی دەستپێشخەریی هاوشێوە، یان لە رێگەی هەڵمەتە جیاجیاکانی راگەیاندنمان دەربارەی بەردەوامیی ئەو کارانەی کە رۆشنایی دەخەنە سەر پاراستنی مافەکانی منداڵ و لاوان و پشتگیریکردنی تواناکانیان، بۆ بەدیهێنانی تەواوی توانا و لێهاتووییان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا".
هێماشی بۆ ئەوە کرد کە "گرووپ بەتەواوەتی لەو بڕوایەدایە هاوبەشێتییە نوێیەکەی لەگەڵ دامەزراوەی مێنتۆری عەرەبیدا، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەوڵ و تێکۆشانەکانی و کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ سەر ژیانی هەزاران لاو لە سەرتاسەری ناوچەی عەرەبیدا".
جێی باسە ئەو توێژینەوە و بەدواداچوونانەی کە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچوون ئاماژەدەدەن بە بوونی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکەدا، هەروەها توێژینەوەی دیکەش هێما بۆ ئەوە دەکەن بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە لایەن ئەو کەسانەوەیە ،کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ تا ٢٤ ساڵییە لە ١٣ وڵاتی عەرەبیدا لە گەشەکردندان، هەر یەکە لە هەژاریی و بێکاریی و وازهێنان لە خوێندن و کۆچ و شەڕ و هەڵوەشاندنەوە و توندوتیژیی خێزانیی و کەمی هەلی بەشداریی لاوان لە دروستکردنی بڕیار، پاساوی سەرەکین بۆ پێویستیی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی عەرەبی بەشێوەیەکی سەرەکی جەختبکاتە سەر پرسەکانی هۆشیارکردنەوە و خۆپاراستن لە رەفتارە مەترسیدارەکان لە نێو منداڵ و لاواندا.
بەپشتبەستن بە دیدگای دامەزراوەی مێنتۆری عەرەبی، هاوبەشێتیی ستراتیژیی لەگەڵ گرووپی زین دەبێتە هۆی ئەوەی هەردوولا هەوڵ و تێکۆشانی هاوبەشیان لەگەڵ قەوارەکان و خاوەن بەرژەوەندییە پەیوەندارەکان هەبێت، لەگەڵ دەستە کاراکانی بواری تواناسازیی لاوان لە پەیوەندیدا بن، هەروەها لە قۆناغە جیاجیاکانی جێبەجێکردنی پرۆگرامە هاوبەشەکەدا هەماهەنگی هەبێت.
بەهەمان شێوە، گرووپی زین و مێنتۆری عەرەبی کاردەکەن لەسەر پتەوکردنی هەوڵەکانیان لە رێگەی چەندین سەکۆی مێدیایی و ئامرازەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، و رەخساندن و هێنانەکایەی دەرفەت بۆ کۆکردنەوەی دەرامەتەکان بۆ پاڵپشتیکردنی کاری مێنتۆری عەرەبی و زیادکردنی ژمارەی سوودمەندبووان لە پرۆگرامەکە و دەستپێشخەریە هاوبەشەکەدا.
لای خۆیەوە ثورەیا ئیسماعیل بەڕێوبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی مێنتۆری عەرەبی وتی "دیدگای ئێمە لەسەر بنەمای تواناسازیی منداڵ و لاوانی عەرەبە لە ژیانێکی تەندروست و بڕیاردانێکی دروست، بەڵام جەوهەری هەموو ئەو کارانەی کە پێیهەڵدەستین بریتییە لە هێنانەکایەی گۆڕانکاریی لە ژیانی لاوان و توانینمان لە بەدەستهێنانی پێشکەوتنێکی گەورە لەم بوارەدا و بە هەوڵی پاڵپشتیکردنی تاکەکەس و دامەزراوە هاوبەشەکانمان.
وتیشیی" ئێمە خۆشحاڵین بە هاوبەشێتیمان لەگەڵ گرووپی زین کە پاڵپشتی لە ئاماجەکانمان دەکات، و بەخێرهاتنی ئەم گروپە ئیلهامبەخشە دەکەین، و چاوەڕوانین لە نزیکەوە کار بکەین لەسەر بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکە و بەردەوامبوونی کارەکەی بۆ بەرفراوانکردنی پرۆگرامی ئێستامان و راگەیاندنی دەستپێشخەریی نوێ و نایاب".
هەڵمەتی " زیادکردنی هۆشیاریی و راگەیاندنی کۆمەڵایەتیی" کە "زین" و "مێنتۆری عەرەبی" جێبەجێیدەکەن ئامانجە هاوبەشەکانیان کۆدەکەنەوە، بۆ بونیادنانی توانا و لێهاتوویی منداڵ و لاو و باوکان و هی تر، سیاسەت و ستراتیژییەت دادەنێن، بۆ توانادارکردنی منداڵ و لاوان و باشکردنی بەشداریی لاوانی عەرەب لە سەرجەم بوارەکانی کاری کۆمەڵایەتیی و گەشەپێدانی مرۆیی و بەرەوپێشبردن و بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی پەیوەست بە خۆپاراستن و توانادارکردنی لاوان و هاوبەشیکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن و کەناڵەکانی پەیوندی کۆمەڵایەتییەوە.