"هواوی" بۆ بڵاوكردنەوەی (HUAWEI CLOUD) لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، "زین" هەڵدەبژێرێت

October 31, 2018

كۆمپانیای "هواوی" جیهانی، گروپی زین-ی هەڵبژارد تا ببێتە هاوبەشی ستراتیژی بۆ راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی (HUAWEI CLOUD) لە بازاڕەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا رێككەوتنی هاریكاری هاوبەشیان لەو بوارەدا واژۆ كرد.

لەوبارەیەوە گروپی زین لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، كە ئەو هاریكارییە هاوبەشە كارەكانی بەرەو سەردەمی خزمەتگوزاری CLOUD دەبات و تواناكانی لەبواری كاردا بەهێز دەكات، هەروەك وا دەكات كە لە نزیكترین خاڵدا بێت بۆ یارمەتیدانی دامەزراوە حكومییەكان و دامەزراوەكانی دیكە بەرەو ئاراستەی جیهانی ئەلیكترۆنی و دیجیتاڵی.

لەو چوارچێوەیەدا بەدر ناسڕ خورافی جیچگری سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و سەرۆكی جێبەجێكار لە گروپی زین پەیماننامەی لێكتێگەیشتنی لەمیانی چالاكییەكانی لوتكەی ستراتیژی واژۆ كرد، كە بەم دواییانە لە ئۆفیسی كۆمپانیاكە لە شەنگەهای چین بەڕێوەچو، كە تێیدا سەرۆكایەتی شاندێكی سەرۆكەكانی كۆمپانیاكانی گروپی زین-ی دەكرد، سەرەڕای سەرۆكەكانی كەرتەكانی تەكنیكی و تەكنەلۆژیا و كاری بازرگانی. هەر لە چالاكییەكاندا لێكتێگەیشتن لەبارەی كۆمەڵێك پرۆژەی كاری هاوبەش هاتەئاراوە لەوانەش فراوانكردنی تەركیزكردنەسەر گۆڕانكاری ژمارەیی، یەكخستنی تواناكان بۆ بڵاوكردنەوەی تەكنەلۆژیای 5G، سەرەڕای بڵاوكردنەوە و ئەپڵیكەیشنی ئاسان لە كەرتی كار و داهێنراوەكانی جیهانی سمارتدا.

زین رونیكردۆتەوە، بڵاوبونەوەی بابەتی "گەشەكردن لەگەڵ CLOUD" كە بە سەردەمی ئامێری سمارت و ئینتەرنێتەوە بەستراوەتەوە، بەمدواییانە بایەخیان بەدەستهێناوە بەتایبەت لەگەڵ زیادبونی تەركیزكردنەسەر بوارەكانی CLOUD و دامەزراندنی سەكۆكانی ژمارەیی و پشتیوانیكردنی بواری سمارت و گەشەپێدانی كۆمپانیاكان، كە سودێكی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی داتاكانی رۆژانە بەردەست دەبن.

زین ئەوەشی رونكردۆتەوە كە (HUAWEI CLOUD) رێخۆشكەرە بۆ كۆمپانیاكان بۆئەوەی بەشێوەیەكی خێرا گەشە بكەن و بەرەوپێش بچن و ئایندەش بۆ CLOUD دەبێت، كە پاڵپشت دەبێت بۆ كەرتی پەیوەندییەكان، دامەزراوە حكومییەكان، فێركردن، نەوت و غاز، چاودێری تەندروستی، خزمەتگوزاری بانكی و دارایی، كە یارمەتیدەر دەبێت لە بەكارهێنانی ژێرخان و باشتركردنی كاركردن و بەڕێوەبردن و كەمكردنەوەی خەرجی تەكنەلۆژیای زانیاری، لەو چوارچێوەیەشدا دامەزراوەكانی حكومەت و كەرتی كار و كۆمپانیاكانی پەیوەندییەكان سودی لێدەبینن.

بدر خورافی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و سەرۆكی جێبەجێكار لە گروپی زین لە میانی مەراسیمی واژۆكردنی پەیماننامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیا چینی-یەكە وتی "ئێستا ئینتەرنێت بەشێكی سەرەكییە لە ژێرخانی هەر دەوڵەتێكدا، وەك كەرتەكانی گواستنەوە و وزە و پێشەسازی لێهاتوە، بە سەرچاوەیەكی سەرەكی ئابوری نوێش دادەنرێت، لێرەوە بایەخی تەكنەلۆژیای نوێ دەردەكەوێت لە جێبەجێكردنی پلانەكانی پەرەپێدان، سەرەڕای دروستكردنی كاریگەری لەسەر بەرەوپێشبردنی كار لە ئاستەكانی زیاد بەرهەمهێنان و هاندانی بۆ كێبڕكێ و داهێنان".

خورافی وتیشی "لەكاتێكدا دامەزراوەكان بەرەو CLOUD هەنگاو دەنێن، ئێمەش پابەندبونی خۆمان دوپاتدەكەینەوە لەبەرەوپێشچون لەگەڵ تەكنەلۆژیای نوێ و فراوانكردنی كارەكانمان لەو بوارەدا ئەویش بە بەشداریكردن لە بنیاتنانی سەكۆی CLOUD كە خزمەت بە پێویستییەكانی كەرتی حكومی و كەرتی كار دەكات، یارمەتیدەریشیانە بۆ روبەڕوبونەوەی تەحەدا ستراتیژییەكان".

هەروەها خورافی ئاماژەی بەوەدا، كە پلانی كاركردنی زین لە كەرتی كاردا تەركیز دەكاتەسەر دیدگامان لە گۆڕینی بەكارخەری خزمەتگوزارییەكانی پەیوەندی گوازراوە بۆ یاریزانێكی گشتگیری خزمەتگوزارییەكانی پەیوەندی لە بوارەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری، گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە داهێنراوە، ئینتەرنێت، چارەسەرەكانی CLOUD بۆ كۆمپانیا و دامەزراوە حكومییەكان.

لەلایەن خۆیەوە چارلز یانگ سەرۆكی كۆمپانیای هواوی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وتی "هیوادارین CLOUDی هواوی یارمەتیدەر بێت بۆ دامەزراوەكان لە بازاڕەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، ئەم هەنگاوەش بەشێوەیەكی گەورە پاڵپشت دەبێت بۆ تێڕوانینی ستراتیژیمان بۆ پتەوكردنی هەلی گەشەكردن لە خزمەتگوزارییەكانی CLOUD".

جێی باسە كۆمپانیای هواوی دروشمی "گەشەكردن و پەرەپێدانی كارەكان لەگەڵ CLOUDی ئەلیكترۆنی" راگەیاندوە، كە یاریدەدەری دامەزراوەكان و كۆمپانیاكانی پەیوەندییەكانە بۆ بەدیهێنانی ئەوپەڕی سودمەندبون لە CLOUD لە جیهانی ئابوری دیجیتاڵیدا، كە یاریزانە گەورەكانی بواری CLOUD وەك ئەمازۆن، گوگڵ و مایكرۆسۆفت بەشدارن تێیدا.

كۆمپانیای هواوی پابەندە بە پشتیوانیكردنی دامەزراوەكان و كۆمپانیاكان بۆ گۆڕینی شێوازی كاركردن و ژێرخانی تەكنەلۆژیای زانیاری بەشێوەیەكی تەواوەتی و باشتركردنی ئاستی كاركردن و بەدیهێنانی بەرزترین بەها بۆ بەكارهێنەرانی.

گروپی زین-یش لە رێی ئەو دەستپێشخەریانەوە كاردەكات بۆ دەستبەركردنی ئەوپەڕی تواناكانی بۆ كۆمەڵگەی دیجیتاڵی، سەرەڕای پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە بواری تەكنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەكان لە بەرە جیاوازەكاندا، بەتایبەت لە كەرتی كاردا، كە بەشی سەرەكی دەبێت لە ستراتیژی پرۆسەكانیدا.

گروپی زین بنەماكانی كێبڕكێی باڵای هەیە لەنێو هاوشێوەكانی لە بواری پیشەسازی ئینتەرنێت لە بازاڕەكانی ناوچەكەدا، كە پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە هەوڵەكانی بۆ گەیشتن بە خاڵی یەكگرتویی و پێشكەوتویی لە كارە بەربڵاوەكانی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەش پشتی بە توانا زۆر و جۆراوجۆرەكانی دەبەستێت.