كۆمپانیای زین یاداشتنامه‌یه‌كی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای ESTV واژۆ دەکات بۆ پێشخستنی دەرفەتی هاوکاری لە کەرتی یاری و وەرزشه‌ ئەلیکترۆنییه‌كان.

كۆمپانیای زین یاداشتنامه‌یه‌كی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای ESTV واژۆ دەکات بۆ پێشخستنی دەرفەتی هاوکاری لە کەرتی یاری و وەرزشه‌ ئەلیکترۆنییه‌كان.

ئامانجی رێککەوتنەکە پەرەپێدانی بواری وەرزشیی ئەلیکترۆنییه‌ لە عێراق و ناوچەکە و پاڵپشتیکردنی بەهرەمەندە ناوخۆییەکان و بەرزکردنەوەی تواناکانیان.

لە چوارچێوەی ستراتیژیاكه‌ی "هەموو رۆژێک خۆشتر" و هەوڵەکانی بۆ پاڵپشتیکردنی جیهانی یاریی و وەرزشه‌ ئەلیکترۆنییه‌كان، کە مایه‌ی دڵخۆشی گەنجانی عێراقه‌، زین عێراق، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كۆمپانیاكانی گروپی زین، پێشەنگی خزمه‌تگوزارییه‌كانی پەیوەندیكردن و ئینته‌رنێتی مۆبایل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای ESTV (تۆڕێكی پێشه‌نگه‌ له‌ بواری په‌خش و دابه‌شكردنی ناوه‌ۆڕكی وه‌رزشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا) راگەیاند. ئامانجی ئەم رێکەوتنە  په‌ره‌پێدانی ده‌رفه‌تی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌ نێوان هەردوولا لە رێگەی بڕاندی وەرزشی ئەلیکترۆنی Zain Esports، به‌مه‌به‌ستی گەڕان و دۆزینه‌وه‌ی دەرفەت و چالاکییە بازرگانییەكان لە بواری وەرزشی ئەلیکترۆنیدا، لەوانە دابەشکردن و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆك، رێکخستنی پاڵەوانێتییەکان، هەڵمەتەکانی ڕیکلام، و سپۆنسەركردن.

بەگوێره‌ی ئەم رێککەوتنە، چوارچێوەیەك بۆ دیاریکردنی میکانیزم و ئامرازەکانی هاوکاری نێوان زین و ESTV دادەنرێت، کە چەندین بوار لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دەگرێتەوە، ئەمە جگە لە هه‌ماهه‌نگی ستراتیژی لە هەڵمەتەکانی ریکلامكردن و سپۆنسەر، له‌ پێناو بەرزکردنەوەی پێگه‌ی زین له‌ ئاستی جیهاندا. هه‌روه‌ها ئەم هه‌ماهه‌نگییه‌ هه‌مه‌جۆره‌ درێژدەبێتەوە بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکان و پێشبڕکێی کارلێکكارانه‌ی هاوبەش، و دروستکردنی ناوەڕۆکی داهێنەرانە، و گەڕان بەدوای دەرفەتی نوێ بۆ پەخشكردنی راستەوخۆی چالاكی و پێشبڕکێی وەرزشه‌ ئەلیکترۆنییه‌كانی زین لە رێگەی پلاتفۆرمی ESTV.

له‌م باره‌یه‌وه‌، به‌ڕێز ئیمری غۆرکان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری كۆمپانیای زین عێراق رایگه‌یاند: "زین ئیسپۆرتس Zain Esports، بڕاندی زین بۆ وه‌رزشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان، بایه‌خێكی تایبەتی هەیە، چونکە سەرکەوتوو بووە لە دروستكردنی پێگەیەکی دیار وەك پلاتفۆرمێکی پێشەنگی وەرزشه‌ ئەلیکترۆنییه‌كان لە عێراق، و دابینكردنی باشترین ئەزموونی یاریکردنی ئۆنڵاین. ئەم پلاتفۆرمە دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زین بۆ په‌ره‌پێدانی ئەزموونی وەرزشی ئەلیکترۆنی لە عێراق. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ESTV واژۆكرد، له‌ پێناو پاڵپشتیكردنی گه‌نجان و په‌ره‌پێدانی ئه‌زموونی به‌شداربووان، و دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاروانبن له‌گه‌ڵ نوێترین پێشكه‌وتن و پێشهاته‌ ته‌كنۆلۆژییه‌كان له‌ جیهانی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا".

هه‌روه‌ها به‌ڕێز، ئێریک یۆن، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ESTV، وتی، "ئەم هه‌ماهه‌نگییه‌ لەگەڵ كۆمپانیای زین عێراق، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی وەرزشه‌ ئەلیکترۆنییه‌كان لە ناوچەکە. به‌ تێكه‌ڵكردنی شارەزاییه‌كانی ESTV لە پەخشی وەرزشی ئەلیکترۆنی و ژێرخانی دیجیتاڵی پێشکەوتووی زین عێراق، ئاسۆییه‌كی نوێ دەکەینەوە به‌ڕووی یاریزانان و هه‌وادارانی وەرزشی ئەلیکترۆنی، و بڕاند بازرگانییه‌كان. له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌، ده‌توانین باشترین ناوه‌ڕۆك به‌ گوێره‌ی ستاندارده‌ جیهانییه‌كان له‌ بواری وه‌رزشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان پێشكه‌ش به‌شداربووانی عێراق بكه‌ین، وێڕای پاڵپشتیكردن و پەرەپێدانی بەهرەمەندە ناوخۆییەکان و گه‌شه‌پێدانی کەرتەکە لە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕسات و باكوری ئه‌قریقا، هاوكات ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌هێزكردنی پابه‌ندبوونمان بۆ پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی وەرزشی ئەلیکترۆنی ئاست بەرزتر بۆ جه‌ماوه‌رێكی فراونتر.”